سەردێڕ:

پۆلیسی هەولێر: لە هەولێر دوو منداڵ لە حەوزی ئاودا خنکان

فۆتۆ: 
2021-06-24

6883 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو دوو منداڵەی کە دوێنێ بە ناوەکانی (سیڤان محمود نادر) و (دلۆڤان صباح مجید) ون ببوون، بە داخەوە تەرمی هەردووکیان ئەمڕۆ لە گۆمێک لە نزیک مەلائۆمەر دۆزرانەوە کەوا بە مەبەستی مەلەکردن چووبوونە ئەو شوێنە و خنکابوون و لەئێستاشدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.


موراد ئەحمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتی، پاش ئەوەی کاتژمێر پێنجی دوێنێ چوارشەممە، دوو منداڵ لەماڵ چوونەتە دەرەوە، نەگەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە و دواتر کەسوکاریان لەگەڵ هێزەئەمنییەکان دەستیانکردووە، بە گەڕان بەدوایاندا بەڵام نەیان دۆزیونەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕتی باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆش دوو منداڵەکە لە حەوزێکی گوندی مەلا هۆمەر لە شاری هەولێر بەخنکاوی دۆزرانەوە، دەشڵێت، دوو منداڵەکە دراوسێی یەک بوون و تەمەنیان نۆ و ١١ ساڵان بووە، هەردووکیان لە رەگەزی نێربوون.

راشیگەیاندووە، لەئێستاشدا، تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادوەری هەولێر کراوە و تیمەکانی بەڵگە و تاوان لێکۆڵینەوەیان لەهۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو دوو منداڵە دەستپێکردووە.

ساڵانە و لەکاتی نزیکبوونەوەی وەرزی گەرما، حاڵەتەکانی خنکان لە چەم و دەریاچە و رووبارەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاد دەکات و لەمساڵیشدا چەندین حاڵەتی خنکان لەهەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەشێک لەو کەسانەی دەخنکێن بەهۆی نەزانینی مەلەکردنەوەیە.

No description available.