قائیمقامی قەزای ماوەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەئاکامی تەقینەوەی مینێکدا لە گوندی گابەروای سەر بە قەزای ماوەت، کەسێک گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی دوێنێ باوکێک و دوو کوڕی چوونەتە نێو کێڵگەیەکەوە کە لە مین پاکنەکراوەتەوە، دواتر مینێک تەقیوەتەوە و کوڕەکیان گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی کە گیانی لەدەستداوە پێشمەرگەیە و تەمەنی ٣٧ ساڵان بووە و ناوی (ب، ب)ە.
قائیمقامی قەزای ماوەت وتووشییەتی، پاش ئەوەی تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە، لە ئێستادا تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی هەرێم بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە ناوچە سنورییەکانەوە، لەلایەن دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە مینڕێژکراون وەک رێگرییەک لە جموجوڵەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەو سەردەمەدا، هاوکات ساڵانە رووداوەکانی تەقینەوەی پاشـماوەی ئەو مینانە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمدا دووبارە دەبێتەوە و قوربانی لێدەکەوێتەوە.