بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کۆدەی کە بۆ ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بۆ شۆفێران دروستکراوە، بۆ وەرگرتنی ئامارە و وەک بەڵگەنامەی رێگەپێدان هەژمار ناکرێت.
لەنووسراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی باسی لەوەکردووە، کۆدێکی تایبەتییان بۆ ئۆتۆمبێلی جۆری بێ سەرەتا درووستکردووە، کە تەنها ئامانج لەو کۆدە بریتییە لەوەرگرتنی ئامار، بەگوێرەی نووسراوەکەی هاتوچۆی سلێمانیش، ئەو کۆدە وەک بەڵگەنامەی رێگەپێدان هەژمار ناکرێت و لەسەر شەقامەکان کارێکی نایاساییە، ئەوەش هاتووە، "پێویستە لەکاتی بینینی ئەو کۆدەدا دەستی بەسەردابگیرێت."
ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بەهۆی ئەوەی نازانرێت سەرەتاکانیان چۆنە و لەکوێوە دەهێنرێن و تۆمارناکرێن، بۆیە لەکاتی گەیشتنیان بە هەر مەفرەزەیەک یان لەکاتی رووداودا مەفرەزە بچێتە لایان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
لەماوەی رابردووشدا، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند، سەرژمێرکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی هەرێم بە مەبەستی زانینی جۆر و کوالێتی و مەرجەکانی توندوتۆڵییە و تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە ژمارەیان پێبدرێت.