سەردێڕ:

بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە لە ئامێدی نزیکەی ٢٠٠ سەرمەڕ مرداربوونەتەوە

فۆتۆ: 
2021-06-24

2205 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنوری گوندی دێرەشێیان لە قەزای ئامێدی بۆردومانکرد و پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی مەڕ بەر ئەو بۆمب بارانکردنە کەوت و نزیکەی ٢٠٠ سەر مەڕ مرداربوونەوە.


نیهاد ئورەماری پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە ئامێدی رایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دووجار دەوروبەری گوندی دێرەشێیان بۆردومان کردووە، کە چوار تا پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای ئامێدییەوە دوورە.

وتیشی، بۆردومانەکە نزیکی پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی مەڕ بووە و بە گوێرەی زانیارییەکان نزیکەی ٢٠٠ سەر مەڕ مرداربوونەتەوە و ئاگر لە زەوییەکانیان بەربووە، بەڵام هیچ کەسێک لە دانیشتووانی ئەو گوندە بریندارنەبوون.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٠ جار فڕۆکە جەنگییەکانی تۆرکیا سنوری قەزای ئامێدیان بە گشتی و گوندی مژێ بەتایبەتی و نزیکی شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانیان بۆردومان کردووە.