شکیران زێباری پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە ئامادەیی ئاکرێی تێکەڵاو رووداوەکە روویداوە، یەکێک لە خوێنکارەکان لە پۆلی دەیەم بووە و بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە، دووان لە خوێندکارەکانیش لە پۆلی ١١ بوون و هەر لەنێو قوتابخانەکەیاندا چارەسەرییان بۆ کراوە و دواتر گەڕاونەتەوە نێو هۆڵی تاقیکردنەوەوە.
سیروان زێباری مامۆستا لە قوتابخانەی ئاکرێی تێکەڵاو بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەبەرئەوەی وەکو پێویست کارەبا نییە و پلەکانی گەرماش بەرزە ئەو سێ خوێندکارە لە هۆش خۆیان چوون، ئەوەشی راگەیاند، ئەگەر بێت و ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت حاڵەتەکانی لەهۆشخۆچوون لە قوتابخانەکەیاندا روو لە زیادبوون دەکات، چونکە کەشوهەوا گەرمە.
هاوکات، کاروان زاهیر بەڕیوەبەری گشتی پەروەردەی ئاکرێ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا رادەیەکی باش لە قوتابخانەکانی سنوری ئاکرێ ئامێری فێنککەرەوە دابینکراوە، بەڵام کارەبا وەکو پێویست نییە بە تایبەتی لەو گوندانەی کە مۆلیدەیان لێنییە.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکەمجارە حاڵەتی لەهۆشخۆچوون لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا لە ئاکرێ تۆماربکرێت ئەویش لەبەر ئەوەیە کە پلەکانی گەرما بەرزن لەنێو پۆلەکاندا.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمساڵ بەهۆی دەوامکردنی کەمەوە لە خوێندنگەکاندا، دەوامی خوێندکاران درێژکرایەوە و بەوهۆیەشەوە تاقیکردنەوەکانیان کەوتووەتە مانگی حوزەیرانەوە، کە سەرەڕای هاتنی وەرزی هاوین و گەرما، حکومەت نەیتوانیوە کارەبا و فێنککەرەوەی پێویست بۆ خوێندنگاکان دابینبکات، بەوهۆیەشەوە خوێندکاران لەناو گەرمایەکی زۆردا تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامدەدەن.
شـ.فـ