سەردێڕ:

لە هەرێم تۆماری نوێی خێزانە کەمدەرامەتەکان دەستپێدەکات

فۆتۆ: 
2021-06-24

4122 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر رایگەیاند، بە مەبەستی تۆمارکردنی خێزانە هەژارەکانی ناو شاری هەولێر رووپێوێکی نوێ دەستپێدەکەن تا لە رێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە بەشە خۆراکی زیاتریان بۆ دابینبکەن، دەشڵێت، "هەڵمەتەکە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر رایگەیاند، لیستێکی نوێی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکانی شاری هەولێر لە رێگای رووپێوێکی نوێوە ئامادەکەن، ئاشکراشیکرد، مەبەست لە ئامادەکردنی ئەو لیستە بۆ ئەوەیە لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیەوە لیستەکە ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی بکەن تاوەکو بەشە خۆراکی زیاتر بۆ خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دابین بکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ساڵانە دوو بەشەخۆراکی زیاتر بە بەشێک لە خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دەدرێت.

یوسف چاوشین وتیشی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی بازرگانی عێراق کردووە ئەو هەنگاوە هەژار و کەمدەرامەتەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، ئەوانیش داوای لیستیان کردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش  وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیستی ناوەکان بۆیان ئامادە دەکات.

باسی لەوەش کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەکان ناوەکان دەنووسن و لە ماوەی ٢٠ رۆژدا تەواویان دەکەن.

لەبارەی مەرج و ئەو پێوەرانەی بۆ تۆمارکردن دانراون ئاماژەی بەوەشکرد، خێزانەکان لە سەر بنەمای هێڵی هەژاری وەردەگیردرێن، واتە هەر خێزانێک داهاتی کەم بێت بەشێوەیەک بۆ هەر ئەندامێکی خێزان کەمتر لە ۱۰۰ هەزار دینار بێت بە هەژار لە قەڵەم دەدرێت و ناوی خێزانەکە تۆمار دەکرێت.

دەشڵێت، بۆ نموونە ئەگەر خێزانێک لە دوو کەس پێکبێت و داهاتی لە ۲۰۰ هەزار کەمتر بێت ئەوا بە هەژار ئەژمار دەکرێت، ئەگەر خێزانێک ۳ کەس بێ و داهاتی لە ۳۰۰ هەزار کەمتر بێت ئەوا بە هەژار دادەنرێت و بە هەمان شێوە.

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو، هەڵمەتەکە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەڕێوە دەچێت، وتیشی، لە تۆمارکردنی ناوەکاندا رەچاوی باری کرێچی و ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، پلانیان هەیە لە ماوەی ئەمساڵدا هاوکاری نزیکەی ٨٥٠ هەزار هاوڵاتی بکەن لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، مانگانە چوار ملیۆن دۆلار دەدەن بەو خێزانانەی پێویستیان بە هاوکارییە.

ئەوەشی ئاشکراکرد،  بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراقدا رێژەی هەژاری بەرزکردووەتەوە، بە جۆرێک لە ئێستادا گەیشتووەتە ٣١.٧٪.

كـ ، ئـ