دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، بەنزینیان هێناوە و لیتری بە ٥٠٠ دینار دەفرۆشن، لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک نزخی بەنزین دابەزی.
لەو بەنزینخانانەی نزخی بەنزین دابەزیوە، لیتری بەنزین بووە بە ٦٢٥ دینار تا ٦٤٠ دینار.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، کە لە رێگای کۆمەڵێک بازرگانەوە بە تانکەر بەنزینیان هێناوە و لیتری بە ٥٠٠ دینار دەفرۆشن.
شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەکرد، ئەگەر سەرانە وەرنەگیرێت لیتری بەنزین دەتوانرێت بکرێت بە ٥٠٠ تا ٥٥٠ دینار، وتیشی، چەند تەنکەرێک بەنزینیان هێناوە و بە ٥٠٠ دینار دەیدەن بە خەڵک و تەحەدای دەسەڵات دەکەن، کە تەنکەری بەنزین چەندی تێدەچێت ئەگەر سەرانە وەرنەگیرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ بەنزینخانەکان قسەکراوە کە لە رێگەی ئەوانەوە بەنزین بە هەرزان بفرۆشن، بەڵام پەشیمان کراونەتەوە کە بەنزینەکە لەڕێگەی ئەوانەوە بفرۆشرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ١٩ى ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە فەیسبووکى خۆى بڵاویکردەوە، تەحەدای حکومەت و دەسەڵاتداران دەکات، "ئەگەر راست دەکەن و ئەو پارەی زیادەی بەنزینە بۆ حیزب نییە، ئەوا رێیان بدەن ئەوان چەندین بازرگان هەیە کە قسەیان لەگەڵ کردوون دەتوانن بەنزین بهێنن و لیتری بە ٥٠٠ دینار بفرۆشن."