سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، حکومەت بەدەست ئێمەوە بوایە موچەمان بێ لێبڕین دابەشدەکرد، بەس داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم ئێستا بەشی موچە دەکات بێ لێبڕین.
کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "شاسوار عەبدولواحید ئەمڕۆ تەحەدایەکی تری کرد دژ بە دەسەڵاتداران و نرخی بەنزینی کرد بە ٥٠٠ دینار، تەحەدایەکی شاسوار عەبدولواحید وایکرد نرخی بەنزین لە شارەکانی هەرێم دابەزێت."
وتیشی، "لە خەڵک دەپرسین بۆچی دوای تەحەداکەی شاسوار عەبدولواحید نرخی بەنزین دابەزی، لە شەقڵاوە نرخی بەنزین بوو بە ٥٨٠ دینار و لە دهۆک نرخی بەنزین بوو بە ٦٠٠ دینار."
ئەوەشی خستەڕوو، "چەند رۆژە نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە تەحەداکەمان کرد نرخەکەی دابەزی، تەحەدای حکومەت دەکەین نرخی بەنزین بەم جۆرەیە ئێمە دەیفرۆشین کە ٥٠٠ دینارە."
لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزینیشەوە وتی، "حکومەت باج دەخاتەسەر بەنزین بۆیە گران بووە"، دەشڵێت، "پارتی و یەکێتی واز لە پاڵاوگەکان بێنن بۆ هەر لیترێک بەنزین ٢٠٠ دیناری تێ دەچێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ راشگەیاند، "لە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەوە باشە دەمانچە بەسەر خەڵکدا دابەش بکەین یان بەنزین هەرزان بکەین، پارتی و یەکێتی شەڕە تەقە دروست دەکەن نەوەی نوێ پشتیوانی لە دەنگی ئازاد دەکات."
وتیشی، "ئۆپۆسیۆن دەبێت کێبرکێی هەمیشەی لەگەڵ دەسەڵاتدا هەبێت نەک بەس قسە بکات، بەس داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم ئێستا بەشی موچە دەکات بێ لێبڕین، ئێستا حکومەت بەدەست ئێمەوە بێت موچەمان بێ لێبڕین دابەش دەکرد."
ئەويش لە کاتێکدایە، ١٩ى ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە فەیسبووکى خۆى بڵاویکردەوە، تەحەدای حکومەت و دەسەڵاتداران دەکات، "ئەگەر راست دەکەن و ئەو پارەی زیادەی بەنزینە بۆ حیزب نییە، ئەوا رێیان بدەن ئەوان چەندین بازرگان هەیە کە قسەیان لەگەڵ کردوون دەتوانن بەنزین بهێنن و لیتری بە ٥٠٠ دینار بفرۆشن."
ئەمڕۆش لە سلێمانی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بە ٥٠٠ دینار دابەشکرد و دوا بە دوای ئەوەش، لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆکا نرخی بەنزین دابەزی.
هـ.ئـ