ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا پلەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە بەرزدەکرێتەوە و لە ئێستادا وردبینی لەناوەکانیاندا دەکرێت.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، ساڵانە وەزارەتی پێشمەرگە لە دوو وەرزدا (ئازار- ئەیلوول) پلەی هێزەکانی بەرز دەکاتەوە و بەهۆی شەڕی داعشەوە چەند ساڵێکە ئەو پڕۆسەیە دواکەوتووە و تەنها تا ساڵی ٢٠١٧ پلەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرز کراوەتەوە.
دەشڵێت، لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەن بۆ ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ پلەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرزبکەنەوە و وتیشی، پاش وردبینی کردنی ناوەکان و تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو، لە چوارچێوەی خزمەتی سەربازی و بڕوانامەدا پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رێکدەخرێت و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد تا ئێستا ئامارێکی وردیان لەبەردەستدا نییە چەند کەس لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا بڕیاری پلەبەرزکردنەوەکە دەیانگرێتەوە، چونکە تا ئێستا پڕۆسەی وردبینیکردن کۆتایی پێنەهاتووە و لیستی ناوەکان ئامادەنییە.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی راگەیاند، کە بە دڵنیاییەوە سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە بێ جیاوازی پلەیان بەرز دەکرێتەوە.