سەردێڕ:

لە ناردنی پشکەکەیدا هەرێم قەرزدار دەرچوو

فۆتۆ: 
2021-06-25

9350 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە بری ئەوەی لە بەغداوە پارەی بۆبێت قەرزدار دەرچوو و دەبێت بڕی ٦٣٠ملیۆن دۆلار بداتە حکومەتی عێراقی.


ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوای لیژنەی دارایی وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی لیژنەکە کرا و چەند پرسیارێکیان ئاڕاستە کرد بە تایبەتی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا.

ئەوەشی راگەیاند، وەزیری دارایی لە وەڵامی پرسیارەکانیاندا وتوویەتی بە پێی بڕگەکانی ماددەی ١٠ و ١١ یاسای بودجە، هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پابەندبوونی لەسەرە و لەبەرامبەریشدا کۆمەڵێک شایستەشی هەیە.

وتیشی، پاش حسابکردنی خەرجییە تایبەتییەکانی حکومەت رونبوویەوە کە هەرێمی کوردستان پێویستە مانگانە بڕی ٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت بە حسابی سۆمۆ رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات.

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەوەشی ئاشکراکرد، کە بە پێویستی دەزانێت بەبیری شاندەکەی هەرێمی بهێنێتەوە کە لەبەردەم هۆڵی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پێیان گەیشتووە و بە راشکاوی بۆی روونکردوونەتەوە و سوێندی بۆ خواردوون کە ئەو حسابەی ئەوان کردوویانە هەڵەیە و لەو بڕگەیەی کە هێناویانە لەگەڵ حکومەتی عێراقی رێککەوتوون لەسەری زەرەریانە و هیچیان دەستناکەوێت. دەشڵێت، ئەمەی بە شاهیدی بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی وتووە، بەڵام بە داخەوە کە گوێ نەگرن خەتای ئەوان نییە.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.