چاوگێك لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، تا ئەم ساتە پارەی تەواومان لە بەردەستدایە بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان و بەپێی ئەو بڕیارەی هەمانە تا رۆژی پێنج شەممە سەرجەم وەزارەتەکان مووچە وەردەگرن.
ئەمڕۆ هەینی، چاوگێك لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، کۆکردنەوەی داهاتەکان بۆ مووچەی ئەم مانگە تەواو بووە و دابەشکردنی مووچەش بەهەمان لیستی مانگەکانی پێشووە و هیچ گۆرانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕتی، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا موچەی لیواکانی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی و بەشێک لەو وەزارەتانەی کە لەخشتەی دابەشکردنی موچەی مانگەکانی پێشوودا لە پێشبوون دابەشبکرێت و هەر بەپێی قسەی ئەو چاوگە، چاوەڕێ دەکرێت تا رۆژی پێنجشەممە موچەی وەزارەتی پەروەردەش دابەشبکرێت.
پەیامنێری ئێن ئاڕتی ئەوەشی خستەڕوو ئەمڕۆ کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی لە نێو نەخۆشخانە و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان موچەیان وەرگرتووە و چاوەڕێش دەکرێت لەماوەی دوو هەفتەدا بەپێی ئەو پارەیەی کە لەبەردەستی حکومەتدایە موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند مانگێک دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە هەموو ٢٥ی مانگێک موچە بە لێبڕینی ٢١%ەوە دابەشبکات و مانگەکانی رابردوو خشتەی دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان ئاشکرا بوو، بەڵام بۆ ئەم مانگە تا ئێستا خشتەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکان ئاشکرا نییە و تەنها موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشکراوە و دیار نییە وەزارەتەکانی دیکە کەی و چون موچە وەردەگرن.
هێرش قادر – هەولێر
کارزان تاریق – سلێمانی
شـ ، فـ