پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، لەشاری هەولێر مێردمنداڵێک بەهۆی ئاشکرابوونی قۆپی کردنەکەی لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پۆلە ناکۆتاکان و دەرنەچوونی لە یەکێک لە وانەکان خۆی خنکاند.
ئەمڕۆ هەینی، بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە شاری هەولێر، لە کاتژمێر ١١ی پێشنێوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی شادی خوێندکارێکی تەمەن ١٣ ساڵ کە لە پۆلی حەوت بووە پاش ئەوەی دوێنێ لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەدا مامۆستاکانی قۆپیەی پێدەگرن و لەو وانەیەدا بە کەوتوو بۆ ئەمساڵ هەژمار دەکرێت، بە کەمەربەندەکەی خۆی، خۆی دەخنکێنێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو منداڵە پاش ئەوەی هاتووەتەوە ماڵەوە ترساوە و خانەوادەکەشی دڵنەواییان کردووەتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ترس و فشارێکی دەروونی زۆری هەبووە و لەوەش ترساوە کە ئەمساڵ بە کەوتوو ئەژمارکراوە لەو وانەیەدا خۆی خنکاندووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، خانەوادەکەی ئەمڕۆ بۆنانی نیوەڕۆ بانگیان کردووە، بەڵام ئەو خۆی خنکاندبوو و لە ئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی هەولێرە و پۆلیس رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەسەر رووداوەکە دەخەینەڕوو.
ئەمە لەکاتیکدایە، بەهۆی نەبوونی پلانێکی تۆکمەی خوێندن و فەلسەفەیەکی دیاریکراوی پەروەردەیی و گونجاو، کەرتی پەروەردە بە درێژایی سی ساڵی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی بە چەندین قەیرانی پەروەردەیی و فێرکردندا تێدەپەڕێت. تائێستا نەتوانراوە قوتابخانەکان و خوێندنگاکان بکرێنە شوێنی ئارامی دەروونی خوێندکاران، بەوهۆیەشەوە ساڵانە چەندین رووداوی نەخوازراو تیایاندا روودەدات.
شـ ، فـ