باخان ئازاد پزیشک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە رایگەیاند، بەرپرسیارێتی پاراستنی گیانی خۆی و منداڵەکانی لەئەستۆی ئاسایشی سلێمانیدایە و دەشڵێت، "ئەو کەسانەی تۆمەتیان بۆ هەڵبەستووم ژمارەیەکی زۆر دۆسییە و فایلی گەندەڵییان لە دادگاکاندا هەیە."
باخان ئازاد پزیشک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە سلێمانی باسی لەوەکرد، هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە بەهۆی ئەوەی هەوڵیداوە دۆسییەکانی گەندەڵی لەسێکتەری تەندروستی ئاشكرابکات.
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ تەنها بەهۆی ئەوەی کە ویستویەتی دۆسییەکانی گەندەڵی لە سێکتەری تەندروستی هەڵەبجەدا ئاشکرابکات، دەشڵێت، "ئەو کەسانەی کە تۆمەتیان بۆ هەڵبەستووم، خۆیان ژمارەیەکی زۆر دۆسییە و فایلی گەندەڵییان لە دادگاکاندا هەیە."
پێشتریش، باخان ئازاد ئەوەی خستەڕوو کە بەهۆی هەبوونی مەترسیی لەسەر ژیانی "بەدزییەوە" بەرەو هەولێر هەڵهاتووە و لەوێ بەناچاری ژیان دەگوزەرێنێت، بەڵام لە ئێستادا گەڕاوەتەوە سلێمانی.
لە ماوەی رابردوودا دکتۆر باخان ئازاد، تەندروستی هەڵەبجەی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەرمانی بەسەرچوو دەدەنە نەخۆش و وتی، کەموکوڕتی لە تەندروستی هەڵەبجەدا هەیە.
لەو بارەیەشەوە، لە ٢٧ی نیسانی ئەمساڵدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی سێ کەسی بۆ بەدواداچوونی قسەکانی ئەو پزیشکە پێکهێنا و لە ئێستاشدا ئەو بابەتە و دۆسیەکانی لە ئەنجومەنی دادوەری پارێزگای هەولێرەوە داوا کراوە.
تایبەت بەو پرسەش، دکتۆر شاناز نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە وتبووی، کە دەستگیرکردنەکەی بەهۆی سکاڵایەکی ئەوەوە بووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی نەشیاوی لێکردووە و داوای لێکردووە دەست لە پۆستەکەی هەڵگرێت.