بەگوێرەی وتەی چاوگێک، درەنگانێکی ئەمشەو دەنگێکی بەھێز لە شاری ھەولێر و بە دیاریکراوی لەسەر رێگای ھەولێر - پیرمام بیستراوە.
چاوگەکە باسی لەوەشکرد، موشەکێک لەو شوێنەدا کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام ئێن ئاڕ تی نەیتوانیوە تا ئێستا لەلایەنێکی فەرمییەوە ئەو دەنگۆیە پشتڕاستبکاتەوە.
ھاوکات، تا ئێستا لەسەر بابەتەکە لایەنە فەرمییەکان روونکردنەوەیان نەداوە.
لە ١٨ی مانگدا، شانەی ئەمنی عێراق دەستبەسەرداگرتنی پێنج موشەک و سەکۆکانی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند، کە موشەکەکان بە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دانرابوون.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە شەش موشەک کراوەتە ئامانج، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەواوە ئاراستەکرابوون.
پێشتریش، ئەو بنکە سەربازییانەی، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایدا جێگیرکراون روبەڕوی هێرشی موشەکیی بوونەتەوە و لەوبارەیەشەوە، واشنتن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.