فۆتۆ:
2021-06-26
19494 جار خوێندراوەتەوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕتی، شەوی رابردوو لەنێوان کاتژمێر دوو بۆ سێ، هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر گوندی بلاغی سەر بە پارێزگای هەولێر، دەشڵێت، "جگە لە زیانە ماددییەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەزاری شایەتحاڵەکانەوە باسی لەوەکردووە، لە نێوان کاتژمێر دوو بۆ سێی شەوی رابردوو چەند موشەکێک ئاڕاستەی گوندی بلاغی نزیک لە هاوینەهەواری پیرمام لە پارێزگای هەولێر کراوە.
وتیشی، تا ئێستاش دەزگا ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیدار هیچ زانیارییەکیان لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، موشەکەکان لە شوێنێکی سەر بە رێگای پیرمام کەوتونەتەخوارەوە و زیانی ماددی بەر ماڵ و ئۆتۆمبێلێک گەیاندووە، هاوکات، هیچ زیانێکی گیانیی بەهۆی رووداوەکەوە نەهاتوەتە ئاراوە.
لە ١٨ی مانگدا، شانەی ئەمنی عێراق دەستبەسەرداگرتنی پێنج موشەک و سەکۆکانی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند، کە موشەکەکان بە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دانرابوون.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە شەش موشەک کراوەتە ئامانج، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەواوە ئاراستەکرابوون.
پێشتریش، ئەو بنکە سەربازییانەی، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایدا جێگیرکراون روبەڕوی هێرشی موشەکیی بوونەتەوە و لەوبارەیەشەوە، واشنتن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.