سەردێڕ:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەکەی هەولێر هاتەدەنگ

فۆتۆ: 
2021-06-26

12539 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێرشکرایە سەر هەولێر، چاوگێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە ئێن ئاڕ تی وت، "هێرشەکە بە موشەک ئەنجامدراوە".


چاوگێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هێرشەکەی درەنگانی ئەمشەوی هەولێر بەهۆی هێرشی موشەکییەوە بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕتی، شەوی رابردوو لەنێوان کاتژمێر دوو بۆ سێ، هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر گوندی بلاغی سەر بە پارێزگای هەولێر، دەشڵێت، "جگە لە زیانە ماددییەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەزاری شایەتحاڵەکانەوە باسی لەوەکردووە، لە نێوان کاتژمێر دوو بۆ سێی شەوی رابردوو چەند موشەکێک ئاڕاستەی گوندی بلاغی نزیک لە هاوینەهەواری پیرمام لە پارێزگای هەولێر کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، موشەکەکان لە شوێنێکی سەر بە رێگای پیرمام کەوتونەتەخوارەوە و زیانی ماددی بەر ماڵ و ئۆتۆمبێلێک گەیاندووە، هاوکات، هیچ زیانێکی گیانیی بەهۆی رووداوەکەوە نەهاتوەتە ئاراوە.

لە ١٨ی مانگدا، شانەی ئەمنی عێراق دەستبەسەرداگرتنی پێنج موشەک و سەکۆکانی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند، کە موشەکەکان بە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دانرابوون.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە شەش موشەک کراوەتە ئامانج، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەواوە ئاراستەکرابوون.

پێشتریش، ئەو بنکە سەربازییانەی، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایدا جێگیرکراون روبەڕوی هێرشی موشەکیی بوونەتەوە و لەوبارەیەشەوە، واشنتن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.