پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لەگەڵ حکومەت کۆدەبنەوە و کۆبوونەوەکەش لەسەر کورتهێنانی موچە و داهاتی نەوت و ناوخۆ و چەند بابەتێکی دیکە دەبێت.
پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا شەش تەوەر باس دەکرێن و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکانی هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی لە کەرتی تایبەت و تێکەڵاو، هاوکات، خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای رەسمی پولی عێراق دەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بابەتی درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ ماوەی چوار ساڵ، کە ئەوەش لە رۆژی تەواوبوونی خولی یەکەمییەوە دەستپێدەکات.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا کەموکوریی خاڵە سنوورییەکان و جێبەجێنەکردنی یاسای چاکسازی و داهاتی نەوت و ناوخۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان تاوتوێدەکرێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ٣٠ ساڵ بەسەر دەسەڵاتدارییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستاش هەمان کێشەکانی ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتدارییەتی کوردی چارەسەر نەکراوە، کە خۆی لە دابینکردنی ئاو، کارەبا، هەلی کار و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا دەبینێتەوە و ماوەی چەند ساڵێکیشە حکومەت بە ناوی لێبڕین و پاشەکەوتەوە موچەی فەرمانبەران بە تەواوی دابەشناکات، کە ئەوەش ناڕەزایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتیانی زیاتر کردووە.
چەندینجار فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن داوایان کردووە حکومەتی هەرێم بڕۆنە پەرلەمانی کوردستان و روونکردنەوە بدەن لەسەر داهاتەکانی بەردەستیان، لەکاتێکدا ئێستا داهاتی خاڵە سنورییەکان بەرزبووەتەوە و نرخی نەوت و دۆلار لە بەرزیدایە، بەڵام لێبڕینی موچە بەردەوامی هەیە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کاتێک حکومەت بڕیاری لێبڕینی مووچەی دەرکرد نرخی نەوت نزیکەی ٣٥ دۆلار بوو بەڵام ئەمڕۆ لەبازاڕەکاندا نرخی نەوت بۆ سەرووی ٧٦ دۆلار بەرزبۆتەوە بەڵام هێشتا لێبڕینی ٢١٪ بەردەوامە.