سەردێڕ:

ئەمریکا: لە رۆژئاواى کوردستان دەمێنینەوە

فۆتۆ: 
2021-06-26

2963 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بەنیازن بە ئامانجی شەڕی دژی داعش و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ سەقامگیرکردنی ناوچە ئازادکراوەکانی سوریا، بوونی سەربازیی سنوردار بهێڵنەوە.


جووى هود یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاماژەی بە نیگەرانی وڵاتەکەشی کرد لە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانیان و وتی، دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی تورکیا لە نیازەکانیان تێدەگەن.

جووى هود ئاماژەی بەوەشکردووە، مانەوەى ئەمریکا تەنها بۆ لەناوبردنى داعش نییە بەڵکو بۆ چارەسەرکردنى دۆخى مرۆیی ئەو وڵاتەشە، لەو بارەیەوە بەرپرسانى واشنتن وای دەبینن ئەگەر هەیە بتوانن مامەڵە لەگەڵ روسیا بکەن.

حەسەکە و دێرەزۆر و پارێزگای رەققە لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیدایە کە لە دژی بە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا دەجەنگن.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩، پلانێکی بۆ کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە رۆژئاواى کوردستان پەسەندکرد، بەڵام دواتر بە فشاری ئەندامانی ئیدارەکەی بڕیاریدا، کە ٩٠٠ سەرباز بهێڵێتەوە.