سەردێڕ:

ئەمریکا لەسەر ھێرشەکەی شەوی رابردووی ھەولێر ھاتەدەنگ

فۆتۆ: 
2021-06-26

8554 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر، ئیدانەی هێرشەکەی شەوی رابردووی هەولێر دەکات، دەشڵێت، "ھێرشەکە ئاماژەیەکی روونی پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەری عێراق."


کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر لە فەیسبووک راگەیەنراوێکی بڵاویکردەوە و تیایدا هاتووە، "ئەمریکا ئیدانەی ئەو ھێرشە دەکات کە شەوی رابردوو لە رێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدرا."

کونسوڵخانەی ئەمریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەم ھێرشە ئاماژەیەکی روونی پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەری عێراق."

لای خۆشییەوە، چاوگێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هێرشەکەی درەنگانی ئەمشەوی هەولێر بەهۆی هێرشی موشەکییەوە بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕتی، شەوی رابردوو لەنێوان کاتژمێر دوو بۆ سێ، هێرشکراوەتە سەر گوندی بلاغی سەر بە پارێزگای هەولێر، وتیشی، "جگە لە زیانە ماددییەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."

لە ١٨ی مانگدا، شانەی ئەمنی عێراق دەستبەسەرداگرتنی پێنج موشەک و سەکۆکانی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند، کە موشەکەکان بە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دانرابوون.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە شەش موشەک کراوەتە ئامانج، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەواوە ئاراستەکرابوون.

پێشتریش، ئەو بنکە سەربازییانەی، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایدا جێگیرکراون روبەڕوی هێرشی موشەکیی بوونەتەوە و لەوبارەیەشەوە، واشنتن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.