سەردێڕ:

لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقەوە وادەی گەیشتنی ٢٠٠ ملیارەکە ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2021-06-26

9567 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئومێد هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا ٢٠٠ ملیار دینارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان."


بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی پارتی راگەیاند، "چەندین جار نوسراومان کردووە و داوامان کردووە، کە یاسای بودجە جێبەجێبکرێت، بەڵام کاری لیژنەکان و وردبینیەکان تەواو نەبووە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "٢٠٠ ملیار دینارەکە وەک پێشینەیە نەک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، ئومێد هەیە لە چەند رۆژی داهاتوو بگاتە هەرێمی کوردستان."

بەشیر حەداد راشیگەیاند، "چەند لایەنێکی عێراقی وەک موزایەدە و بانگەشەکردن، دژی ناردنی پارەن بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی کێشە بۆ حکومەتی عێراق دروستبکەن."

رۆژی پێنجشەممە، مستەفا کازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق رایگەیاند، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت، سولفه‌یه‌ نه‌ک بودجه‌ به‌ ئامانجی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێم بتوانێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی بدات، وتیشی، "ویستێک هەیە بۆ نەناردنى ئەو بڕە پارەیە."

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.

١٢ی مانگیش، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت"، وتبووشی، "بەپێی داهاتی بەردەستی خۆمان و پارەکەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین."

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.