دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، لە گوندی براغ لە پارێزگای هەولێر چوار درۆن کەوتوونەتە خوارەوە، دەشڵێت، لەسەر باڵی درۆنەکان دروشمێک نوسراوە.
دوای هێرشەکەی سەر شاری هەولێر، دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "سێ درۆن بەر خانوو هاونیشتمانییەک لە نزیک گوندی براغ لە پارێزگای هەولێر دەکەوێت و درۆنێکیش لە چۆڵەوانییەکی چیای تارین دەکەوێتە خوارەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "شەوی رابردوو کاتژمێر یەک و ٥٠ خولەک، سێ درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) لە رێگەی خۆپێداکێشان خۆیان بە خانووی هاونیشتمانییەک لە باخچەکانی سەر رێی سێولە لە گوندی براغ نزیك کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر لە پارێزگای هەولێر دەدەن، کە دوو لەو درۆنانە دەتەقنەوە یەکێکیان ناتەقێتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "جگە لە زیانی ماڵی هیچ زیانێکی گیانی لێناکەوێتەوە، هاوکات درۆنێکیش لە چۆڵەوانییەکی چیای تارین دەکەوێتە خوارەوە."
دژە تیرۆری کوردستان وتیشی، "دروشمی "السلام علیک یا جمال العراق، بسم لله قاسم الجبارین، یا صاحب الزمان، یا زهراء" لەسەر باڵی درۆنەکان نووسراوە."
راشیگەیاند، "لێکۆڵینەوەکان لەو بارەوە بەردەوامە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەکەین."
پێشتریش، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر، ئیدانەی هێرشەکەی شەوی رابردووی هەولێری کرد و وتی، "ھێرشەکە ئاماژەیەکی روونی پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەری عێراق."
لای خۆشییەوە، چاوگێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هێرشەکەی درەنگانی ئەمشەوی هەولێر بەهۆی هێرشی موشەکییەوە بووە.
لە ١٨ی مانگدا، شانەی ئەمنی عێراق دەستبەسەرداگرتنی پێنج موشەک و سەکۆکانی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند، کە موشەکەکان بە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دانرابوون.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە شەش موشەک کراوەتە ئامانج، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەواوە ئاراستەکرابوون.
پێشتریش، ئەو بنکە سەربازییانەی، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایدا جێگیرکراون روبەڕوی هێرشی موشەکیی بوونەتەوە و لەوبارەیەشەوە، واشنتن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.