سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی هەولێرەوە رایگەیاند، ئەم جۆرە هێرشانە شكۆ و توانای دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و سەقامگیری عێراق تێکدەدات.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە تویتێکدا رایگەیاند، "سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە سەرکۆنەی هێرشە ترسنۆکەکەی سەر هەولێریان کرد، بەڵام سەرکۆنەکردن بەس نییە و پێویستە وەڵامی ئەم کارە تێکدەرانەیە بدرێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەردەوامبوونی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەیە، کە لە لایەن گروپە لە یاسادەرچووەکان ئەنجام دەدرێن، شكۆ و توانای دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و سەقامگیریی عێراقیش تێکدەدات."
ئەوەش دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو هێرشکرایە سەر گوندێکی سنوری هەولێر و دژەتیرۆری کوردستانیش رایگەیاند، لە گوندی براغ لە پارێزگای هەولێر چوار درۆن کەوتوونەتە خوارەوە، وتیشی، لەسەر باڵی درۆنەکان دروشمێک نووسراوە.
لای خۆشییەوە، چاوگێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هێرشەکەی درەنگانی ئەمشەوی هەولێر بەهۆی هێرشی موشەکییەوە بووە.
لە ١٨ی مانگدا، شانەی ئەمنی عێراق دەستبەسەرداگرتنی پێنج موشەک و سەکۆکانی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند، کە موشەکەکان بە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دانرابوون.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە شەش موشەک کراوەتە ئامانج، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای نەینەواوە ئاراستەکرابوون.
پێشتریش، ئەو بنکە سەربازییانەی، کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایدا جێگیرکراون روبەڕوی هێرشی موشەکیی بوونەتەوە و لەوبارەیەشەوە، واشنتن گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.
هـ.ئـ