سەردێڕ:

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا ئاشكرا دەکات

پێنج کاتژمێر کەمیکردووە
فۆتۆ: 
2021-06-27

5628 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتى کارەباى هەرێم رایگەیاند، کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا بە هاوڵاتیان کەمبوونەتەوە ئەمەش بەهۆى لەکارکەوتنى دوو وێستگەى کارەبا، دەشڵێت، "لەئێستادا رۆژانە ١٣ بۆ ١٤ کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتیان".


ئومێد ئەحمەد وتەبێژى وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێم بۆ میدیاکانی پارتی باسی لەوەکرد، بەهۆى لەکارکەوتنى دوو وێستگەى کارەبا لە هەولێر و سلێمانى، نزیکەى ٤٠٠ مێگاوات کارەباى بەرهەمهاتوو کەمى کردووە، بەمەش پێدانى کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى بە هاوبەشانى کارەبا کەمی کردووە.

وتەبێژى وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە،  بەر لە دروستبوونى گرفتەکە رۆژانە ١٨ بۆ ١٩ کاتژمێر کارەبا دەدرا بە هاونیشتیمانیان، بەڵام دواى دروستبوونى گرفتەکە لە هەردوو وێستگەى هەولێر و سلێمانى، کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا کەمى کردووە، ئێستا رۆژانە ١٣ بۆ ١٤ کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتیان".

لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکەشەوە ئومێد ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو، چاککردنەوەى گرفتەکە پێویستى بە بڕێکی زۆر پارە هەیە، چونکە هەردوو وێستگەکە پێویستیان بە ئەنجامدانى چاکسازییە.

سەرباری بەڵێنە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاککردنی کەرتی کارەبا و گۆڕینی بەشێکی زۆری کارەبای هەرێم بۆ پێوەری زیرەک، بەڵام ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوینادا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمدەبێتەوە.