سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، تەواوی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دژی لێبڕینی موچە و زیادکردنی کاتی دەوامی رۆژانەیان بایکۆتی دەوامیان کرد.
چاوگێک لە بەڕێوبەرایەتی کارەبای سلێمانییەوە بۆ ئێن ئاڕتی باسی لەوەکرد، "تەواوی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دژی لێبڕینی موچە و زیادکردنی کاتی دەوامیان بایکۆتی دەوامیان کردووە". دەشڵێن، "لە ئێستادا داوا دەکەن هەموو رۆژ دەوام بکەین کە پێشتر ٢ رۆژ دەواممان دەکرد".
ئەو چاوگە ئاماژەی بەوەشکرد، "تا ئێستا کاربەدەستان و بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتییەکە بەدەم داواکەیانەوە نەچوون و تا ئەوکاتەشی کە داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت ناچنەوە سەرکارەکانیان".
هاوڵاتییەکیش بۆ ئێن ئاڕتی ئەوەی خستەڕوو، "موچە لەکاتی خۆی وەرناگرین و داواکارین یان موچەکەمان بۆ زیاد بکەن یان دەواممان کەمبکەنەوە".
هاوکات بەهۆی بایکۆتی ئەو کارمەندەکانەوە مامەڵەی بەشێکی هاوڵاتیان بەهۆی ئەو بایکۆتەوەى وەستاوە و لەوبارەیەشەوە، کارمەندێک کە بایکۆتی دەوامی کردووە ئاماژەی بەوەکرد، "پێمان خۆش نییە مامەڵەی هاوڵاتیان دوا بکەوێت بەڵام ئێمەش مافی خۆمانە، حکومەت موچەکانمان بۆ زیاد بکات، تا کاتژمێر ٢ و سێ دەوام دەکەین".