بەشێک لە دانیشتوانانی قەزای پێنجوێن سەبارەت بەهۆی خراپی و کەمیی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و کەمی هەلی کاری گەنجەکانیان، خۆپیشاندانیان کرد و رێگەی سەرەکی مەرزی باشماخیان داخست.
پەیامنێری ئێن ئاڕتی ئاماژەی بەوەکرد، بەشێک لە هاوڵاتیان خێمەیان هەڵداوە و چوونەتە سەر رێگای سەرەکی و ئەوەشیان بە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتوە، "لە پێشتردا کارەبای ٢٤ کاتژمێریان هەبوو و بەڵام ئێستا کارەباکەبان کەم بووەتەوە".
خۆپیشاندانەکەی قەزای پێنجوێن لەسەرجەم چین وتوێژەکان پێکهاتووە و مامۆستایەکی ئایینیش دەڵێت، "ئێمە وەکو هەموو چین و توێژەکان هەموو کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە موعاناتی خەڵک زۆرە و بگرەو پێنجوێن لە زۆر شوێن باشترە و داواکاریمان تەنها کارەبا نییە و پێویستە لە ئاوڕ لە سەرجەم سێکتەرەکان بدرێتەوە".
هاوکات، هاوڵاتییەکیش بۆ ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە تەنها کارەبامان لە حکومەت هەیە و رۆژی وا هەیە ٣ بۆ ٤ کاتژمێر کارەبا دەبڕیت"، دەشڵێت، کۆمەڵێک هاوڵاتی ویستییان مۆلیدە بهێننە شارەکەوە بەڵام ئێمە رازی نین کە مۆلیدە بێتە ئەم شارەوە".
هاوڵاتییەکی دیکەش ئاماژەی بەوەکرد، "لە مەرزی باشماخ پارە دەردەهێنرێت و بەپێی داهاتەکەی هیچ بۆ پێنجوێن خەرج نەکراوە و ١٠ ساڵە رێگای پێنجوێن باشماخ چاک نەکراوە، پێویستە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیدا بکرێت و تێیدا داواکاری هاوڵاتیانی تێدا جێبەجێبکرێت".