فۆتۆ:
2021-06-27
23428 جار خوێندراوەتەوە
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە موچهی وهزارهتی پێشمەرگە و لیواکان و هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و وەزارەتی دارایی بە لێبڕینی ٢١%ەوە دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، "به لێبڕینی ٢١٪ـەوە ئەمڕۆ یەکشەممه موچهی وهزارهتی پێشمەرگە و لیواکان دابهش دهكرێت."
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "رۆژی دووشەممەش موچەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و وەزارەتی دارایی و ئابوری دابەش دەکرێت."
دوێنێ، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا رۆژی پێنجشەممە، تەواوی وەزارەتەکانی حکومەت موچە وەردەگرن، وتیشی، "ئەگەر ٢٠٠ ملیارەکە لە بەغداوە بێت مانگی داهاتوو گۆڕانکاری لە لێبڕینی موچەدا دەکرێت."
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئەگەر داهاتمان لەبەردەستدا بیت بەبێ لێبڕین موچە دابەش دەکەین و پێمان خۆش نییە لە موچەی فەرمانبەراندا لێبڕین هەبێت."
ئەمە لەکاتێکدایە، موچە بە لێبڕینی ٢١% دابەش دەکرێت کە نرخی نەوت بەبەراورد بە دوو ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە و زیاتر لە ٧٦ دۆلاری تێپەڕاندووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام مانگی رابردوو دابەشکردنی موچە دواکەوت، لەسەر ئەوەش پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی بە نەگەڕاندنەوەی داھات و درەنگ دابەشکردنی موچە یەکتریان تۆمەتبارکرد.