فۆتۆ:
2021-06-27
23107 جار خوێندراوەتەوە
دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و بەمەش تەواوی تانەکان رەتکرایەوە.
رۆژی ٦ی مانگی رابردوو، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا، نوێنەری تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوان رایگەیاند، "لە بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوەدا راستکردنەوە کراوە و تۆمەتی سیخوڕیکردنی رۆژنامەنووس و چالاکوانەکان بۆ کۆنسوڵخانەکان لابراوە".
پێشتریش لەسەر پرسی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسانە، هەریەکە لە کونسوڵخانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و فەڕەنسا نیگەرانییان لەسەر دەستگیرکردنەکە دەربڕی و هاوکات، پشتگیری خۆیان بۆ ئازادی رادەربڕین و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو زیندانیانەیان دووپاتکردەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، لە دادگای هەولێر دادگایی پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەپێی هەردوو ماددەی یەکی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە ١٦ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگایی کردنی پێنج لەوان بەڕێوەچوو و تیایدا دادگا بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەوان دەرکرد.