راوێژکاری کازمی بۆ کاروباری ئابوری و دارایی ڕایگەیاند، زیادبونی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات و پێدەچێت تا ٣٠ ساڵی داهاتوو بگاتە ٨٠ ملیۆن کەس، ئەمەش کاریگەریەکی زۆری دەبێت لە سەر خەرجی و داهاتی ناوخۆیی نیشتیمانی.
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری کازمی بۆ کاروباری ئابوری و دارایی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی باسی لەوەکردووە، خەرجی نیشتیمانی بەشێوەیەکی گەورە بەرزبوەتەوە لە کاتێکدا سەرچاوەی سەرەکی داهات لە عێراقدا تەنها نەوتە.
ڕاوێژکارەکەی کازمی بۆ کاروباری ئابوری و دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر له هەشت ملیۆن کەس موچەی فەرمانبەران و موچەی خانەنیشینی وهاوکاری کۆمەڵایەتی وەردەگرن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت زۆرینەی گەلی عێراق داهاتەکانیان لە پارەی نەوتەوە وەردەگرن .
مزهر محەمەد ساڵح ئەوەشی وتوە، بەڵام زیادبونی ڕێژەی دانیشتوان بۆ یەک ملیۆن کەس لە ساڵێکدا دەبێتە هۆکاری بەرزبونەوەی بێکاری لەنێو گەنجاندا.
دەشڵێت، سەرباری بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری لەعێراق بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، بەڵام سستمی موچەی حکومەت بوو بە قەلەغانێک بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان لە ڕووبەڕوبەڕووبوونەوەی داڕمانی کۆمەڵاتی.
ئەوەشی وت، سەرباری هەبوونی ئەم دوو مەرجە، ئەگەر عێراق تا ساڵی ٢٠٥٠ تەنها پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت ئەوا ڕووبەڕووی دوو بەربەست دەبێتەوە، یەکەمیان زیادبونی ژمارەی دانیشتوان، دووەمیش جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پاریس بۆ ژینگە کە وڵاتانی جیهان چیتر پشت بە نەوت نەبەستن ونرخەکەی زیاتر داببەزێت.
مەزهەر محەمەد ڕاشیگەیاند، بەردەوامبون لەسەر ئەم دۆخە، خێزان پەرتەوازە دەکات چونکە پرکردنەوەی داهاتی نەوتی بۆ گەلی عێراق قورس دەبێت لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوان دەگاتە ٨٠ ملیۆن کەس .
باسیشی لەوەکرد، عێراق تەنها ستراتیجیەتێکی لەبەردەمدایە، ئەویش دەستپێکردن بە کەرتی سستمی بازاڕی کۆمەڵایەتی کە بتوانێت ئابوورییەکی بەهێز درووست بکات، ئەو بازاڕەش کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارەوە سەرچاوە بگرێت.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی نزیکەی ٩٠٪ی داهاتی پشت بەنەوت دەبەستێت، سەرەڕای بوونی زیاتر لەسەرچاوەیەکی داهات.