سەردێڕ:

پارێزەرانى سزادراوانى بادینان: بڕیارەکەی دادگا زوڵمێکی گەورەیە

فۆتۆ: 
2021-06-27

2182 جار خوێندراوەتەوە

تیمى پارێزەرانی سزادراوانی بادینان رایانگەیاند، "دادگاى پێداچوونەوەی هەرێم بڕیارى شەش ساڵ زیاندانیکردنى بەسەر پێنج سزادراوەکەى بادیناندا جێگیرکرد و بڕیارەکەش زوڵمێکی گەورەیە".


لە کۆنفڕانسیکی رۆژنامەنوسیدا تیمی پارێزەرانی سزادروانی بادینان باسییان لەوەکرد، دادگا تانەکانى ئەوانی رەتکردووەتەوە، دەشڵێن، "تەنها لێبوردنى سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەتوانیت سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە". 

ئەمڕۆ، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێم بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و بەمەش تەواوی تانەکان رەتکرانەوە. 

رۆژی ٦ی مانگی رابردوو، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیارەكەی دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.

پێشتریش لەسەر پرسی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسانە، هەریەکە لە  کونسوڵخانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و فەڕەنسا  نیگەرانییان لەسەر دەستگیرکردنەکە دەربڕی و هاوکات، پشتگیری خۆیان بۆ ئازادی رادەربڕین و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو زیندانیانەیان دووپاتکردەوە. 

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، لە دادگای هەولێر دادگایی پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەپێی هەردوو ماددەی یەکی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە ١٦ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگایی کردنی پێنج لەوان بەڕێوەچوو و تیایدا دادگا بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەوان دەرکرد.