ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لێڕینی موچە بەڕێوەدەچێت و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند:"ئەمڕۆ لە حکومەت دەپرسین ئایا پارەتان لە بەردەستدابوە و نەتانداوە؟
ئەمڕۆ دووشەممە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، "لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بەجدی لە حکومەت دەپرسین بۆچی موچە بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت و پێویستە وەڵامی قەناعەت پێهێنمان بداتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، کە لە حکومەت دەپرسن ئایا حکومەت پارەی تەواوی لەربەردەستبووە و موچەی دابەشنەکردووە؟ ئایا ئەو شایستەداراییانەی هەرێم کە دەبوایە لە چوارچێوەی بودجەدا بۆی بنێردرایە و رێککەوتنی لەسەر کراوە لە چوارچێوەی مادەی ١٠ و١١ ئایا وەکوخۆی جێبەجێکراوە؟ لەو هۆکارانە دەکۆڵنەوە چۆن داهاتی ناوخۆیی زیادبکرێت، چۆن کەرتی نەوت رێکبخرێتەوە؟ ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ ئەوەی بتوانن سەرچاوەی داهاتی موچە رێکبخرێتەوە.
لەبارەی ئامادەبوونی وەزیرانی حکومەتی بە گوێرەی مادەی ٦٦ کە ٦٥ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان داوایان کردووە وەزیرەکانی حکومەت دێنە پەرلەمان، ئەمە نە میواندارییەو نە لێپرسینەوە، بەڵکو خستنەڕوو و گفتوگۆکردنە لەسەر بابەتی پەیوەندیدار.
لەبارەی بەدواداچوون بۆ راپۆرتی سێیەمی چاکسازی حکومەت، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەشدا، سکرتێری باڵای ئەنجومەنی چاکسازی لە حکومەت ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان دەبێت و بەدواداچوون بۆ راپۆرتی سێیەمی چاکسازی حکومەت دەکەن.
لەبارەی ئەوەی ئەگەر حکومەت حکومەت ئەمڕۆ بڵێ ناتوانین موچە بێ لێبڕین دابەش بکەین، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی، "دەبێت بۆمان رونبکاتەوە بۆچی ناتوانێت، ئایا بەرزکردنەوەی داهاتی ناوخۆی چ رێگرییەکی لەبەردەمدایە؟ رێکخستنەوەی داهاتی نەوت و لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چ رێگری هەبووە نەتوانرێت موچە بێ لێبڕین دابەشبکرێت؟ هۆکاری نەناردنی پشکی هەرێم لە بودجە چییە؟ ئەگەر ئەم داهاتانە بنێردرێن ورێکبخرێن چ رێگریەک دەبێت لەسەر بەردوامی بوون بە دابەش کردنی موچە بە لێبڕینەوە".
لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێم هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وتیشی، سەرۆکایەتی هەرێم بە نوسراوی فەرمی داوای کردووە هەریەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و هەرێم سێ راوێژکار دەستنیشان بکەن بۆ کاری راوێژکاری نوسینەوەی دەستور.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا دیدی هەرەزۆری فراکسیۆنەکانی پەرلەمانمان پێگەیشتووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان لەبارەی خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی (چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ) بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٦٦) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان و چەند بڕگە و پێشنیازەیاسا و پرۆژە یاسا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و خوێندنەوەش بۆ هەندێک پرۆژە یاسا دەکرێت.