سەردێڕ:

کازم فاروق: نەوەی نوێ خۆی رادەستی یەکێتی و پارتی ناکات

فۆتۆ: 
2021-06-28

13541 جار خوێندراوەتەوە

دوای رێگریکردن لێی بۆ جاری هەشتەم لەچوونە ناو پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمان رایگەیاند، تاکە هۆکار بۆ رێگری کردن لە نەوەی نوێ ئەوەیە کە نەوەی نوێ خۆی رادەستی یەکێتی و پارتی ناکات. دەشڵێت، پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمان داوای لێبوردن لەخەڵک بکات.


ئەمڕۆ دووشەممە، کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، "ئێمە داوای لێبوردن لە خەڵکێک ناکەین کە دزیان لە خەڵک کردووە و موچەی خەڵکیان بڕیوە".

ئاماژەی بەوەشدا، "من وەک کازم فاروق لێرەنیم، من نوێنەرایەتی ٢٠٠ هەزار دەنگدەکەم".

لەبارەی داوای لێبوردن کردن و رێگری کردنی لە چوونە ژورەوە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، "ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی جورئەتیان هەیە لە دانشتنی داهاتوو خۆیان بێن پێم بڵێن نەچمە ژوور ئەوکات بە گفتوگۆ پێیان دەڵێم کێ بۆی نییە بچێتەژوورەوە".

لەبارەی بەردەوامبوون لە دابەشکردنی موچە بەلێبڕینەوە کازم فاروق ئەوەشی خستەڕوو، نرخی نەوت بە شێوەی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەشێوەیەک بەشی دابەشکردنی دوو موچەدەکات، بەڵام حکومەت موچەیەکی بە لێبڕینەوە دابەشکردووە.

لەبارەی جوڵاندنی شەقامەوە لەلایەن نەوەی نوێوە، کازم فاروق وتی، "خۆمان ئامادەکردووە بۆ ئەنجامدانی کارێکی زۆر گەورەتر".

وتیشی، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەردەوامە لە موزایەدە و تەحەداکانی و ئێستا لە سلێمانی بەنزین بە ٥٠٠ دینار دابەشدەکرێت و لە شەقڵاوە بە ٥٨٠ دینارە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کازم فاروق لەلایەن هێزە ئەمنییەکان رێگری لێکرا بچێتە ژوەرەوە  بۆ پەرلەمانی کوردستان.

رۆژی ٣١ی ئازار، کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان جوتێک پێڵاوی گرتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە پەرلەمان باسی بابەتێک دەکات پەیوەندی بە کێشە و ژیانی خەڵکەوە نییە.

دوای ئەوەش بە دەنگی ٧٣ پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و پێکهاتەکان دەنگ لەسەر ئەوە درا، کە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ نەتوانێت بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکاتەوە، مەگەر لەبارەی پێڵاوگرتنە دەستەی سەرۆکایەتی داوای لێبوردن بکات، هاوکات، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانیش وتی، تا کازم فاروق داوای لێبوردن نەکات رێگای پێنادرێت بەشداری دانیشتنەکان بکاتەوە.

لە ١٤ی نیسان و بۆ دووەمجار رێگری لە کازم فاروق کرا بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بکات، لەو بارەیەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وتی، "ئێمە داوای لێبوردن ناکەین و ئەوەی دەبێت داوای لێبوردن بکات سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەیەتی، کە موچەی خەڵکیان بڕیوە و گەنجیان بێکار کردووە."

کازم فاروق ئەوەشی خستەڕوو، "پارتی و یەکێتی دەبێت داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن، کە خاوەنی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەرن و شەڕی ناوخۆیان کردووە و لە ئێستاشدا رێگری لە سەرۆکی فراکسیۆنێکی ئۆپۆزسیۆن دەکەن بچێتە پەرلەمانەوە، بەمەش دژاتیەتی خەڵک و دەنگی خەڵک دەکەن."

دواتر و لە ٢٠ی نیسان، بۆ جارێکی دیکە رێگری لە کازم فاروق کرایەوە و ناوبراو باسی لەوەکرد، "منەتیان نەبێت چیان لەدەستدێت با بیکەن، ئەوەی لێیان کراوە لەسەر بەرگریکردن بووە لەمافی خەڵک، هەربۆیە  توندتردەبن لەسەر هەڵوێستەکانیان و وەک فراکسیۆن و نەوەی نوێش هەڵوێستیان دەبێت و شەقامیان لێدەکەنە پەرلەمان."

٢٧ی نیسانیش بۆ چوارەمجار رێگری لە کازم فاروق کرا و وتی، "ئەوەی دزی لە خەڵک دەکات و گەنج دەکوژێت پاسەوانی دەکرێت، بەڵام رێگری لە ئێمە دەکرێت."

لە ٥ی ئایار، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رێگری لێکرا و وتی، "دەسەڵات دەیەوێت لە ناو پەرلەماندا موناقەشەی جدی دروست نەبێت، چونکە وەک نەوەی نوێ لە بەرەی خەڵکدا دەبین و بێ هەڵوێست نابین."

 

کـ ، ئـ