سەردێڕ:

نوسینگەی کەنەدا لە بارەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2021-06-28

1927 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی نوسینگەی کەنەدا لە هەولێر رایگەیاند، بڕیارەکەی دوێنێی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر لەبارەی پەسەندکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی چالاکوانانی بادینان بێ ئومێدی کردین.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئاشلی دیورک سەرۆکی نوسینگەی کەنەدا لە هەولێر لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، "بێ ئومێدبوین لەگەڵ بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم لە بارەی پەسەندکردنی زیندانیکردنی شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری".

دەشڵێت، رێگری نەکردن لە رۆژنامەنوسان نیشانەی کۆمەڵگەیەکی کراوە و رۆشنگەرە.

No description available.

دوێنێ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاریدا  بە جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و بەمەش تەواوی تانەکان رەتکرانەوە.

رۆژی ٦ی مانگی رابردوو، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیارەكەی دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.

پێشتریش لەسەر پرسی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسانە، هەریەکە لە  کونسوڵخانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و فەڕەنسا  نیگەرانییان لەسەر دەستگیرکردنەکە دەربڕی و هاوکات، پشتگیری خۆیان بۆ ئازادی رادەربڕین و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو زیندانیانەیان دووپاتکردەوە.

دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێم، مارتن هوز باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، "ئەو بڕیارەی ئەمرۆ لە لایەن مەحکەمەی هەولێر دەرچووە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانانە شەش ساڵ زیندانی دەکرێن، کە لە مانگی پێنج دەستگیرکراون، سەرەڕای ئەو ئیجرائاتە ناڕاست و ناتەندروستەی کە بەرامبەریان کراوە لەلایان نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی پێ کراوە."

ئەوەش هاتووە، "مافی را دەربڕین و مافی رۆژنامەوانی و دادگایەکی سەربەخۆ؛ یەکێکە لەمافە بنچینەییە سەرەتاییەکانی دیموکراتیەت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە ١٦ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگایی کردنی پێنج لەوان بەڕێوەچوو و تیایدا بەپێی هەردوو ماددەی یەکی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

ئەو بڕیارە لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینانەوە، نارەزایەتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەشێکی پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە و وڵاتانی دەرەوەش نارەزایەتییان لەبارەی سەپاندنی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئەو چالاکوانانەدا دەربڕی.

کـ ، ئـ