بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەو گەنجەی دوو رۆژ لەمەوبەر لە شاری کەرکوک لەبەردەم ماڵی خۆشەویستەکەی خۆی سوتاند، کاتژمێر ٧ی بەیانی گیانیلەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری لە نەخۆشخانەی ئازادی کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، سۆران محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کەرکوک ئاماژەی بەوەکرد، گەنجەکە تەمەنی ٢٥ ساڵە و دوای ئەوەی سێ جار دەچێتە خوازبێنی کچەکە، بەڵام رەتیدەکەنەوە کچەکەی پێ بدەن، ئەویش لەبەردەم ماڵی خۆشەویستەکەی خۆی دەسوتنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی حوزەیران سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گەنجەکە ناوی (ع، ر، ج)ـە و تەمەنی ٢٦ ساڵە، دوای ئەوەی چەند جارێک چووەتە داوای خۆشەویستەکەی، بەڵام پێیان نەداوە، ئەویش لەبەردەم ماڵی خۆشەویستەکەیدا بەنزینی بە خۆیدا کردووە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە.
باسی لەوەشکرد، رووداوەکە لە گەڕەکی قادسیە ی کەرکوک روویداوە.
ئەو سەرچاوەیە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، گەنجەکە رێژەی سوتانەکەی ٪٦٠ـە.
كـ ، ئـ