ئەمڕۆ کارمەندانی بانکی بابان لە شاری سلێمانی بەهۆی زیاکردنی دەوامەکەیانەوە بایکۆتیان راگەیاند.
نوێنەری کارمەندانی بانکی بابان بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، "لەسەدا ٧٠ى کارمەندانی بانکی بابان بایکۆتی دەوامیان کردووە، ئەمەش بەهۆی زیادبونی دەوامی کارەکانمانەوە و نەبوونی دەوامی بەنۆرە و کەمی کارەبای پێویست و ئەو فشارە زۆرەی کە لەسەرمانە" .
باسیشی لەوەکرد، پێشتر لە هەفتەیەکدا تەنها چوا رۆژ دەوامیان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا بووە بە پێنج رۆژ جگە لە نەبوونی کارەبا کە حاڵەتێکی دەروونی زۆری بۆ دروستکردوون، تەنانەت ئامێرەکانی ساردکەرەوە فریای ژوری کارمەندان و هۆڵی دابەشکردنی مووچە ناکەوێت.
ئەمە لەکاتیکدایە، دوێنی، سەرجەم کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دژی لێبڕینی موچە و زیادکردنی کاتی دەوامی رۆژانەیان بایکۆتی دەوامیان کرد.
چاوگێک لە بەڕێوبەرایەتی کارەبای سلێمانییەوە بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، تەواوی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دژی لێبڕینی موچە و زیادکردنی کاتی دەوامیان بایکۆتی دەوامیان کردووە. وتیشی، "لە ئێستادا داوا دەکەن هەموو رۆژ دەوام بکەین کە پێشتر ٢ رۆژ دەواممان دەکرد".
ئەو چاوگە ئاماژەی بەوەشکرد، "تا ئێستا کاربەدەستان و بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتییەکە بەدەم داواکەیانەوە نەچوون و تا ئەوکاتەشی کە داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت ناچنەوە سەرکارەکانیان".