سەردێڕ:

یۆنامی: سیستمی دادوە‌ری ھە‌رێم پێویستی بە‌چاكسازییە‌

فۆتۆ: 
2021-06-28

2082 جار خوێندراوەتەوە

پەیکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق رایگەیاندووە، بۆ پێشگرتن لەو جۆرە بڕیارە چەوتانە، ئەنجامدانی چاکسازیی دامودەزگاییانە لە سیستەمی دادوەری لەوپەڕی پێویستیدایە لە هەرێمی کوردستان.


پەیکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) لەبارەی جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بەسەر چالاکوانانی بادیناندا لە تویتێکدا رایگەیاندووە، "بەداخەوە بڕیارەکەی دوێنێی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەنجامدانی چاکسازیی دامودەزگاییانە لە سیستەمی دادوەری لەوپەڕی پێویستیدایە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بۆ پێشگرتن لەم جۆرە بە چەوتی بڕیاردانە لە ئایندەدا."

هەر دوێنێش مارتن هوز باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، ئیجرائاتی ناڕاست و ناتەندروست بەرامبەر دەسگیرکراوانی بادینان کراوە، وتیشی، "مافی ڕا دەربڕین و دادگایەکی سەربەخۆ، یەکێکن لە بنچینەکانی دیموکراتیەت."

دوێنێ، دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و بەمەش تەواوی تانەکان رەتکرایەوە کە ئاراستەی ئەو دۆسیەیە کرابوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە ١٦ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگاییکردنی پێنج لەوان بەڕێوەچوو و تیایدا بەپێی هەردوو ماددەی یەکی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

ئەو بڕیارە لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینانەوە، نارەزایەتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان لە هەرێم و عێراق و بەشێکی پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە و وڵاتانی دەرەوەش نارەزایەتییان لەبارەی سەپاندنی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئەو چالاکوانانەدا دەربڕی.

هـ.ئـ