سەردێڕ:

بڕیاری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان درا

فۆتۆ: 
2021-06-28

3450 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بریاری دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان دەرچووە و لە ئێستادا راگیراوە دەشڵێت، پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو.


کەریم علی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەرزان کەریم بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان، چووەتە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی گەرمیان کە پێشتر لەو دادگایە بە تۆمەتی گەندەڵی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، دواتریش دادوەری دادگاکە پاش دادبینیی بڕیاری راگرتن (توقیف)ی بۆ دەرکردووە و لە ئێستادا راگیراوە.

لەسەر هەمان دۆسییەش، رۆژی ٢٤ی مانگی رابردوو دادوەری پێشووی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی گەرمیان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان دەرکرد، لەسەر سکاڵایەک کە ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی سەرپێچییکردن و کاری نایاسایی لە پرۆژەی ناوچەی نوێی پیشەسازیی ناحیەی رزگاریی تۆماریکردبوو، بەڵام بەڕێوەبەری ناوبراو خۆی رادەست نەکرد.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە، بڕیاربوو ئەمساڵ ناوچەیەکی پیشەسازی لە ئیدارەی گەرمیان درووستبکرێت، بەڵام بەپێی ئەو سکاڵایەی لەسەری تۆمارکراوە، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان ژمارەیەک لە زەوییەکانی ئەو پرۆژەیەی بەشێوەیەکی دیکە دابەشکردووە، پێشتریش لەسەر ئەو پرسە کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سکاڵای لەسەر تۆمارکرد و ئەمڕۆش، لەسەر ئەو سکاڵایە بڕیاری راگرتن بۆ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان دەرچوو.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە تاوەکو ئێستا دادگاکانی هەرێم سەربەخۆ نین و باڵەکانی ناو دوو حزبی دەسەڵات و خودی پارتی و یەکێتی بۆ لێدانی نەیارەکانیان بەکاریدەهێنن.

نـ.غـ