سەردێڕ:

وێنە.. لە چەمچەماڵ پزیشکێک منداڵێک لە مردن رزگار دەکات

فۆتۆ: 
2021-06-28

5632 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاندووە، نەشتەرگەرییەکی بەپەلە بۆ یەکەمجار لە چەمچەماڵ بۆ منداڵێک ئەنجامدرا، کە حاڵەتەکەی کتوپڕ بووە و پزیشکەکە بووەتە هۆکاری رزگاربوونی ژیانی ئەو منداڵە.


تەندروستی چەمچەماڵ رووداوەکەی گێڕاوەتەوە و باسی لەوەکردووە، دوای ئەوەی منداڵێک بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لەسەر پاسکیل بۆری هەناسەی دەبڕدرێت و دەگەیەنریتە نەخۆشخانەی گشتی شەهید پێشڕەو، دەستبەجێ لەلایەن پزیشکێكەوە بەهاوکاری ستافی هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەکە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدەدەرێت.

لەوبارەیەوە هیوا حسین پزیشکی نەشتەرگەری گشتی لەنەخۆشخانەی گشتی شەهید پێشڕەو؛ ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە باسی لەوەکردووە، "شەوی رابردوو نزیکی کاتژمیر ١١ی شەو حاڵەتێکی زۆر دەگمەن و مەترسیدار کە منداڵێکی کوڕی تەمەن  نۆ ساڵان بەهۆی کەوتنە خوارەوەی لەسەر پاسکیل، سوکانی پاسکیلەکەی دەچێت بەبۆری هەناسەیدا و بەتەواوەتی دەیبڕێت، دوای ئەوەی گەیەنرایە سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ و فریاگوزارییەکانی بۆ ئەنجامدرا بەهۆی قورسی و مەترسیداری دۆخەکەی و لەبەر پاراستنی ژیانی منداڵەکە بڕیارماندا بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری."

ئەو پزیشکە دەڵێت، دەبوو نەشتەرگەرییەکە بکەن، چونکە ئەستەمبووە لەژیاندا بمێنێت و بگاتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، بەهۆی هەناسەتوندی و شینبوونەوە و دابەزینی ئۆکسجینی جەستەی و خوێنبەربوونی.

روونیشیکردووەتەوە، دوای کاتژمێرێک مانەوە لە نەشتەرگەری و دوورینەوەی بۆری هەناسەی و راگرتنی خوێنبەربوونەکەی، مەترسی لەسەر ژیانی نەما و بەمەبەستی چاودێریکردنی رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستا ئەو منداڵە باری تەندروستی جێگیرە و لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە ماڵەوە و نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت.

رووداوەکانی کەوتن لەسەر پاسکیل روودەدەن و بەهۆیانەوە برینی ئاسایی و سەختیش دروستدەبن، بەڵام حاڵەتی لەم جۆرە کە سوکانەکە بچێت بە ملی کەسەکەدا و بەتەواوی بۆری هەناسەی ببڕێت لە رووداوە دووبارەکان نییە و مەترسی بۆسەر ژیانی کەسەکان دروستدەکات.

No description available.