سەردێڕ:

بۆ لەمەودوا لە هەرێم بە سیستمێکی نوێ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکان دەکات

فۆتۆ: 
2021-06-28

10544 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە پڕۆژەی ھاوبەشی کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیھانی پرۆژەی داتای سیستەمی تەندروستی کوردستانیان خستەکار.


ئەمڕۆ دووشەممە، لە مەراسیمی خستنەسەرکاری پرۆژەکە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ جاری یەکەمە دەستبەکاربوونی سیستەمی داتای تەندروستی لەسەر ئاستی عیراق و وڵاتانی دەوروبەر کارا دەکرێت، کە یارمەتی نەخۆش دەدات لەوەی بزانێت سەردانی چ بنکەیەکی تەندروستی بکات و لە بنکەکەدا بچێتە چ بەشێک.

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی قۆناغی تاقیکردنەوەی ئەم سیستەمەدا، یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار نەخۆش تۆمارکراون و لە ئێستاشدا، ٦٠ نەخۆشخانە لە کوردستان خراونەتە ناو سیستەمی داتای تەندروستی، ٢٨ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی دیکەیش ئامادەکراون بۆ ئەوەی ئەوانیش بخرێنە ناو سیستەمەکە، هاوکات زیاتر لە ١٥٠ کارمەند لە راھێناندان بۆ ئەوەی بتوانن کار بەو سیستەمە بکەن.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو سیستەمە ھاوکاری حکومەت و ھاوڵاتیش دەکات لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستی و پێدانی ژمارەیەکی تایبەتی بە ھاوڵاتیان تا لەکاتی پێویستدا بزانن سەردانی کام بنکەی تەندروستی و کام بەشی بنکەکە دەکەن. "

لە ساڵی ٢٠١٥شدا، وڵاتى ئیتاڵیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان لێکتێگەشتنێکی هاوبەشیان بۆ دروستكردن و دەستپێكردنی سیستمەێكی تەندروستی واژۆکرد؛ کە لە ساڵی ٢٠١٨ىدا خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.