وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین رایگەیاند، کاتژمێر ٧ی سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی حاجیاوا رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویدا و بەوهۆیەشەوە شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان گیانی لەدەستدا.
عەلی عەبدوڵا وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی ڕاپەڕین بە ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، رووداوەکە کاتژمێر ٧ی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ بووە لە ناحیەی حاجیاوا لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل.
وتیشی، ئۆتۆمبێلەکان لە جۆرەکانی بی ئێم دەبلیو، نیسان تیدا و ئۆتۆمبێلی جۆری کراون (مەلیکە) بوون و بەهۆی رووداوەکەشەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلی نیسان تیداکە گیانی لەدەستدا و شۆفێری ئۆتۆمبێلی کراون (مەلیکە)ش برینداربوو.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ساڵی رابردوودا، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٣٨٦ هەزار و ٢١٤ سەرپێچی تۆمارکراون و دوو هەزارو ٨٩٧ رووداویش روویانداوە، لەو ژمارەیەش ٤٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.