سەردێڕ:

سەعدی ئەحمەد پیرە: پە‌یوە‌ندیە‌كانمان لە‌گە‌ڵ پارتی بە‌رە‌و باشی دە‌چێت

فۆتۆ: 
2021-06-28

4526 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی زۆر باش نییە بەڵام بەرەو باشی دەڕوات، لەبارەی رێککەوتنیشیان لەگەڵ گۆڕان وتی، "پارتی بۆ رێککەوتنەکە هیچ کاردانەوەی نەبووە، بەدڵنیایی پارتی پێی خۆش نییە یەکێتی بەهێزبێت و یەکێتیش رەنگە پێی خۆش نەبێت پارتی بەهێزبێت، بەڵام ئەوە بنەما و ناوەڕۆکی کێبڕکێی سیاسییە لەنێوان یەکێتی و پارتی و هەر هێزێکی تریش."


سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن، رێککەوتنەکە بۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕانە رایگەیاندووە، "ئەم رێککەوتنەی کە واژۆکراوە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەم رێککەوتنە قابیلی پێداچوونەوە، نوێکردنەوە، فراوانکردن و قابیلی ئەوەشە خەڵکی دیکە بێتە ناوی، یان قوڵتریش بێتەوە لە پەیوەندییەکان، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە بۆ ئەو مەبەستەیە کە باسمان کرد".

باسی لەوەشکردووە، "ئێمە لەگەڵ گۆڕان یەک بەرەبابین لە ئەسڵدا، لەیەک سەنگەرەوە گۆشکراوین و پەروەردە کراوین، بۆیە من پێموایە بابەتی گۆڕان و یەکێتی ئەوەندە کێشە نییە ئەگەر یەکێک لە سەرکردایەتی گۆڕان یان لە سەرکردایەتی یەکێتی بەرپرسیارێتی هەبێت هیچ جیاوازییەکی نابێت"، دەشڵێت، "ئەو رێککەوتنە چاککردنی بارودۆخێکە کە لە رابردوودا بە ئاقارێکی نەخوازراودا چووە."

لەبارەی کاردانەوەی پارتی بۆ رێککەوتنەکەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پارتی بۆ رێککەوتنەکە هیچ کاردانەوەی نەبووە، بەدڵنیایی پارتی پێی خۆش نییە یەکێتی بەهێزبێت و یەکێتیش رەنگە پێی خۆش نەبێت پارتی بەهێزبێت، بەڵام ئەوە بنەما و ناوەڕۆکی کێبڕکێی سیاسییە لەنێوان یەکێتی و پارتی و هەر هێزێکی تریش، بەڵام ئەمە کۆتایی دنیا نییە، ئەگەر یەکێتی و گۆڕان یەکیان گرت و بەهێزتربوون دووبارە بابەتی پێکەوەژیان و پێکەوە حکومڕانیکردن لەنێوان پارتی و یەکێتی بە گۆڕانیشەوە پێویست و گرنگە"، وتیشی، "دۆخی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتیدا زۆر باش نییە، بەڵام بەرەو باشتر دەچێت.

ئەو قسەیەی سەعدی ئەحمەد پیرەش دوای چەندین روودا و هاوبەشی یەکێتی و پارتی دێت لە حکومەتدا، واتە پاش ٣٠ ساڵ دێت لە حکومڕانیکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتی و پارتی؛ لە پاش ساڵی ١٩٩١ و روخانی رژێمی سەدام و پێکهێنانی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢. دوای ئەمانەش لە ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨ شەڕی ناوخۆ لەنێوان یەکێتی و پارتیدا دروستبوو کە بە "شەڕی براکوژی" ناسراوە.

هـ. ئـ