سەردێڕ:

کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی کۆتایی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی حکومەتی هەرێمی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2021-06-28

1329 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای دیلۆیتی ئەمریکی بۆ وردبینی لەدەرهێنانی نەوت ڕاپۆرتى هەناردە و داهاتى نەوتى هەرێمى لە 1ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ تا ٣١ی کانوونی یەکەم ٢٠٢٠ بڵاوکردەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکەش لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێم زیاتر لە ١٦٥ ملیۆن و ٩٤٢ هەزار و ٨٦١ بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، داهاتەکەشى زیاتر لە چوار ملیار و ٤٤٨ ملیۆن و ٨٣٥ هەزار و ٢٦٨ دۆلاربووە و تەنها رێژەی ٥٢.٧% ئەو داهاتە گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت.


کۆمپانیاى دیلۆیت بۆ وردبینی لەدەرهێنانی نەوت ڕاپۆرتى هەناردە و داهاتى نەوتى هەرێمى لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راپۆرتەکەش، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٦٥ ملیۆن و ٩٤٢ هەزار و ٨٦١ بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە داهاتەکەشى زیاتر لە چوار ملیار و ٤٤٨ ملیۆن و ٨٣٥ هەزار و ٢٦٨ دۆلاربووە.

راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت ئەوەشی خستوەتەڕوو، حکومەتی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٠دا؛ ١٥٧ ملیۆن  و٥٩٩ هەزار و ٦٦١ بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووە، هەشت ملیۆن و ٢٤٥ هەزار و ٥٨٦ بەرمیل نەوتی خاو بەمەبەستی پاڵاوتن رەوانەی پاڵاوتگە ناوخۆییەکان کراوە، هاوکات، ٩٧ هەزار و ٦١٤ بەرمیل نەوتیش بە پاڵاوتگە ناوخۆییەکان فرۆشراوە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە، کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراو بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بریتیی بووە لە چوار ملیار و ٤٤٨ ملیۆن و ٨٣٥ هەزار و ٢٦٨ دۆلار، لەو رێژەیەش بڕی تەنها (دوو ملیار و ٣٤٥ ملیۆن و ٤٤٧ هەزار و ٧١١ دۆلار) گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت، تەواوی ئەو بڕەی دیکەش بۆ خەرجیی کرێی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و دەرهێنان و کۆمپانیاکانی پاڵاوتن رۆشتووە، بەو پێیەش تەنها رێژەی ٥٢.٧%ی کۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە.  

 

هاوکات، هەر لە راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیتی ئەمریکی بۆ وردبینی لەدەرهێنانی نەوت هاتووە، کە تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراو لەساڵی ٢٠٢٠دا، بریتیی بووە لە ٢٨ دۆلار و ١٠٠ سەنت بۆ یەک بەرمیل نەوتی خاو.

کۆمپانیای دیلۆیتی ئەمریکی بۆ وردبینی لەدەرهێنانی نەوت، يەكێكە لە کۆمپانیاکانی دابينكارى جيهانى بۆ ووردبينى و دووپات كردنەوە، راوێژكارى و راوێژكارى دارايى، راوێژكردنى مەترسى، باج و خزمەتگوزارى پەيوەست،  کۆمپانیاکە ئەندامە ئەندامن لە زیاتر لە  ١٥٠ وڵات  و ناوچەی جیهان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەو داتا و زانیاریانەی لەبارەی هەناردەکردن و داهاتەکانی نەوتی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە، تەنیا تایبەت بە فرۆشتنى نەوت بە بۆری و نازانرێت هەرێم چەند نەوت لە رێگای تانکەرەوە دەفرۆشێت و لەو رێگایەشەوە چەندی دەستدەکەوێت.  


نەورەس غەریب