سەردێڕ:

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران: دۆخی پێشمەرگە هێندەش خراپ نییە کەباسی لێوەدەکرێت

فۆتۆ: 
2021-06-29

6875 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، دۆخی پێشمەرگە ئەوەندەش خراپ نییە کە باسی لێوەدەکرێت. دەشڵێت، "مانگانە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا هاوبەشەکان دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دیناریان وەک نەسرییە پێدەدەین".


ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، مانگانە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا هاوبەشەکان دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دیناریان وەک نەسرییە پێدەدەن.

دەشڵێت، جگە لە دابینکردنی خەرجییەکان، هەریەک لە یەکەی ٧٠ و ٨٠  مانگانە زیاتر لە دوو ملیار دینار وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەشدا، هەریەک لە هێزەکانی زێرەڤانی و فریاکەوتن پشکی خۆیان هەیە و مانگانە پێیاندەدرێت.

ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان دۆخی پێشمەرگەیان لە کارە پێشینەکانی خۆیان داناوە و بۆ ئەو بەمەستەش مانگانە نزیکەی ١٨ ملیار دینار نەسریە دەدرێت بە  دەزگا ئەمنییەکان لە پێشمەرگەوە بۆ ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسیاش و ئەوانی دیکەش.

باسی لەوەشکرد، کە زیاتر لە نیوەی کارە لە پێشینەکانی حکومەت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان کراوە.

رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێکی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو تیایدا لەبارەی خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی (چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ) و چەند بڕگە و پێشنیازەیاسا و پرۆژە یاسا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

 

کـ ، ئـ