سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم چەند قەرزارە؟

لەماوەی یەکساڵدا قەرزەکانی هەرێم بەچەند گەیشتووە؟
فۆتۆ: 
2021-06-29

4102 جار خوێندراوەتەوە

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت قەرزەکانی سەر هەرێم زیادیان کردووەو كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتوەتە (٣١ ملیار) دۆلار، بەوەش لە ساڵێکدا قەرزەکانی هەرێم سێ ملیاری دیکە زیادیان کردووە. ​​


ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە کاتی بەشداریکردن لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی ٣ی ٢٠٢٠دا ٢٨ ملیار و ٤٧٦ ملیۆن و ٦٧٥ هەزار) دۆلارە، بەڵام لە مانگی ٣ی ٢٠٢١ گەیشتووەتە:(٣١ ملیار و ٦٣٧ ملیۆن) دۆلار".

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزی نەکردووە، بەڵام پارەی پێشەکی لە کۆمپانیاکانی نەوت وەرگرتووە، بەشێکی دیکەیشی بریتییە لە مووچەی پاشەکەوت کراوی مووچەخۆران."

بەشێکی زیادبوونی قەرزەکەش بە وتەی ئامانج رەحیم دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار. بەشێکی قەرزەکانیش بریتییە لە "١٢ ملیار دۆلار کە پارەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆرانە."

ئەمە لەکاتێکدایە نرخی نەوت لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بەرزبۆتەوەو بەراورد بەدوو ساڵی رابردوو بەرزترین ئاستی بەخۆیەوە بینیوە کە سەرووی ٧٦ دۆلارە.

رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێکی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو تیایدا لەبارەی خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی (چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ) و چەند بڕگە و پێشنیازەیاسا و پرۆژە یاسا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.