سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا بڕی ٦٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار و ٦٤٧ بەرمیل نەوت بە بەهای سێ ملیار و ٣٧٣ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە. دەشڵێت، "بەتێکڕایی هەر بەرمیلێک بە ٥١ دۆلار فرۆشراوە".
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رۆژی دووشەممە لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەتێکڕایی مانگانە ١٣ ملیۆن و ٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم فرۆشراوە.
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشدا، ٥٨٪ لە کۆی داهاتی نەوت بۆ خەرجییەکان دانراوە. بەمەش لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا بڕی یەک ملیار و ٩٦٩ ملیۆن دۆلاری بۆ کۆی خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ناوخۆی هەرێم و گواستنەوەی ناو تورکیا و دانەوەی قەرزەکان لە داهاتی نەوت خەرجکراوە.
دەشڵێت، بەمەش تەنها بڕی یەک ملیار و ٣٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە.
لە بارەی چاکسازییەکانی کەرتی نەوتەوە، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، نەوت پاش بەرهەمهێنان دەکرێتە بۆری گواستنەوەوە لەناو خۆی کوردستان تا دەگاتە سەر سنور و دەچێتە تورکیاوە، ئەمەیان قۆناغێکە و بە گرێبەستێکی تایبەت لەگەڵ کەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێت.
وتیشی، کە دەچێتە ناو خاکی تورکیاوە تا بەندەری جیهان بەگرێبەستێکی دیکە و بە رێژەیەکی دیکەی خەرجی دەگوازرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە دەگاتە بەندەری جیهان و دەفرۆشرێت و کێ دەیفرۆشێت و چۆن دەفرۆشرێت و کێ دەیکڕێت، ئەمە وردەکارییە و لە چوار قۆناغ پێکدێت.
ئومێد سەباح لەبارەی قۆناغی چوارەم کە هانەردەکردن و فرۆشتنە باسی لەوەکرد، چاکسازی تێداکراوە.
دەشڵێت، پێشتر کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بەناوی IMMS کە کەسێک بەناوی "مورتەزا" سەرپەرشتی دەکرد. ئەرکی ئەوەبوو لەگەڵ کڕیارەکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی هەرێم لەسەر خەتبێت.
لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی پارەی نەوتی فرۆشراوەوە وتی، کاتێک نەوتەکە دەفرۆشرا پارەکەی دەخرایە سەر هەژماری بانکێکی ئەهلی سەر بە کەرتی تایبەت و حکومی نەبوو.
لە بارەی چاکسازی لەم پرۆسانەدا، ئومێد سەباح ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکی حکومەت ماوەی ساڵێکە خۆی لەگەڵ ئەو تیمەی هەیەتی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان سەرپەرشتی هەرسێ پرۆسەکە دەکات و هەرسێکیان چاکسازیان تێداکراوە.
دەشڵێت، لە ١ی ئایارەوە کۆمپانیای IMMS و خاونەکەی لە ناو پرۆسەکەدا نەماون، بەڵکو تیمێکی حکومی خۆماڵی ئەم دۆسییەی گرتووەتە دەست و خۆی بەڕێوەی دەبات.
راشیگەیاند، لە رابردوودا پارەی فۆرشتنی نەوت دەچووە سەر هەژماری بانکێکی ئەهلی، بەڵام لە ئێستادا راستەوخۆ دەچێتە سەر هەژماری بانکێک و بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە.
رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی چەند وەزیرێکی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو تیایدا لەبارەی خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی (چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ) و چەند بڕگە و پێشنیازەیاسا و پرۆژە یاسا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
کـ ، ئـ