بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکانی قەزای دوکان بەهۆی کەمی کارەباوە رێگەی سەرەکی سلێمانیان داخست.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، دانیشتوانی ئەو گوندانە داواکاری سەرەکییان کەمی کارەبایە.
دەشڵێت، دانیشتوانی ئەو گوندانە دەڵێن، رۆژانە لەبەرەبەیانەوە و پێش خۆر هەڵاتن کارەبای نیشتمانی گوندەکانیان دەبڕێت و تا درەنگانێکی دوا نیوەڕۆ کارەبایان نیە. ئەمەش وای کردووە گرفت بۆ گوندەکانی کانی خان و سنورەکە دروستبێت.
لە ئێستادا رێگای سەرەکی دوکان – سلێمانییان داخستووە و داوادەکەن بەرپرسان بەدەم داواکارییەکەیانەوە بێت و کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئار تی بەڕێوەبەری ناحیەی سورداش وتوییەتی، کێشەکە ناوەندییە و لەدەسەڵاتی ئەودا نییە بتوانێت پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا زیادبکات.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، جگە لە کەمی کارەبا یەکێکی دیکە لە کێشەی دانیشتوانی گوندی کانی خان نەبوونی بڕی پێویستی ئاوی خواردنەوەیە.
لە کاتێکدا، بۆری گواستنەوەی ئاوی دوکان – سلێمانی بەتەنیشت گوندی کانی خاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام گوندەکە خۆی کێشەی کەم ئاوی هەیە و لەو پڕۆژەیە سودمەند نەبوون و حکومەت هەوڵی نەداوە سەرچاوەی دیکەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئار تی، خۆپیشاندەران دەڵێن، لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی حکومەت ئەوا رێگەی دیکە و فشاری دیکە دەگرنە بەر.