بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئار تی، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی سروشی نزیک نەخۆشخانەی شۆڕش لە شاری سلێمانی لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دادەبەزێنرێت و لەلایەن کەسێکەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانلەدەستدەدات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئار تی، هاوڵاتییەکە منداڵەکەی گەینادووەتە خوێندنگا و دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە لەلایەن هاوڵاتییەکەوە کە تا ئێستا نازانرێت کێیە تەقەی لێدەکرێت و دوو گولـلەی بەردەکەوێت و دەست بەجێ لە شوێنی روداوەکە گیانلەدەستدەدات.
یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئاماژەی ماوەی هەفتەیەکە ئەو هاوڵاتییەی کوژراوە لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەکەکە، سەرقاڵی قیرتاوکردنی جادەی گەڕەکەکە و چاککردنی باخچەی گەڕەکەکەیە.
دەشڵێت، ئێوارەیەک دانیشتوانی کۆڵانەکەی کۆکردووەتەوە و پێی وتوون ئەو کارەدەکات و پێشی وتوون، هەرکەس بە گوێرەی توانای خۆی پارە بدات و ئەوەشی مایەوە خۆی پارەی دەخاتە سەر.
ئەو هاوڵاتییە لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشدا، بە هەوڵی خۆی رەزامەندی شارەوانی بۆ چاککردنی جادەکە و باخچەکەش وەگرتووە و کەسێک بووە کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکی گەڕەکەکەیاندا نەبووە.