سەردێڕ:

رێکخراوی جاسەنە: حکومەتی هەرێم حوكمدانی ناداپەوەرانەی خۆیان بەسەر بەندكراوانی ئازادیخوازی بادیناندا دووپاتکردەوە

فۆتۆ: 
2021-06-29

893 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی جاسەنەی ناحکومی رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ گوێدانە پرەنسیپەكانی ئازدای‌ و مافەكانی مرۆڤ، هەنگاوە ستەمكارییەكانیان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیاترو زیاتر دەکات.


رێکخراوی جاسەنەی ناحکومی لە راگەیەنراوێکیدا ئەوەی خستەڕوو، ‌بە دەستگیركردن ‌و لە زیندانتوندكردن ‌و سەپاندنی حوكمی ناڕەوای دوور لە هەموو یاسا و رێسا ناوخۆیی ‌و نێودەوڵەتیەكان، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، هەنگاوە ستەمكارییەكانیان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیاترو زیاتر دەکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ گوێدانە فشارە ناوخۆیی ‌و نێودەوڵەتیەكان، لەرێگەی دادگاكانەوە، حوكمدانی ناداپەوەرانە ‌و ستەمكارانەی خۆیان بەسەر بەندكراوانی ئازادیخوازی بادیناندا دووپاتکردەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەمەش گومانەكانی لەسەر نا دیموكراسیەت و هەوڵەكانی سنورداركردنی ئازادی رادەربرین لە هەرێم تۆختركردەوە.

دەشڵێت، ئەم هەنگاوەی دادگاكانی هەرێمی كوردستان، بە ئامانجێكی سیاسی‌ و هەوڵێكی دیكە، بە ئامانجی خنكاندنی ئازادی ‌و بەرتەسککردنەوەی ئەو پەراوێزە دیموکراسییەیە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

لە چەند رۆژی رابردوو دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و بەمەش تەواوی تانەکان رەتکرایەوە کە ئاراستەی ئەو دۆسیەیە کرابوو. دوا بەدوای بڕیارەکەش هەریەک لە ئەمریکا و کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا و یۆنامی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی بڕیارکەوە دەرکرد و رەخنەیان لێ گرت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە ١٦ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگاییکردنی پێنج لەوان بەڕێوەچوو و تیایدا بەپێی هەردوو ماددەی یەکی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.

ئەو بڕیارە لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینانەوە، نارەزایەتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان لە هەرێم و عێراق و بەشێکی پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە و وڵاتانی دەرەوەش نارەزایەتییان لەبارەی سەپاندنی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئەو چالاکوانانەدا دەربڕی.

مـ ، کـ

کـ ، ئـ