سەردێڕ:

بەهۆی داواکردنی خزمەتگوزاریەوە؛ ئاسایشی گەرمیان شەش کەسی دەستگیرکردووە

فۆتۆ: 
2021-06-29

3340 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ چەند هاوڵاتییەک لە ناحیەی قۆرەتوو ویستویانە لەبەردەم کێڵگەیەکی نەوتدا لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار و چەند داواکارییەک خۆپیشاندان بکەن، بەڵام لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکراون و تا ئێستاش ئازاد نەکراون، کە لەناویاندا موختاری گوندەکەی تێدایە.


چاوگێکی نزیک لە رووداوەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو هاوڵاتیانە بەشێکییان لە کێڵگەی نەوتی چیا سورخ کە دەکەوێتە ناحیەی قۆرەتوو کار دەکەن، بەڵام موچەیان کەمکراوەتەوە و داوایان کردووە پارەیان بۆ زیاد بکرێت و داوای هەلی کار و خزمەتگوزاری زیاتریان بۆ ناحییەکەیان کردووە.

ئەو چاوگە باسی لەوەشکرد، له‌لایه‌ن ئاسایشی قۆرەتوو ‌وه‌ شەش له‌و هاوڵاتییانه‌ بەناوی  قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بانگکراون بۆ ئاسایش و دواتر وته‌ و په‌نجه‌مۆریان لێوه‌رگیراوه‌، تا ئێستاش ئازاد نه‌كراون و ده‌ستبه‌سه‌رن ، کە موختاری گوندەکە لەناو دەستگیرکراواندایە.

ئێن ئاڕ تی بۆ زیاتر بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە، پەیوەندی کرد بە هەریەک لە سەروەت محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو و عوسمان عەبدولکەریم وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان بەڵام هەردوولایان بێ ئاگای خۆیان لەو پرسە نیشاندا.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا کۆمپانیای قەیوان نەوتی چیا سورخی لە ناحیەی قۆرەتوو گرتووەتە دەست، موچەی کارمەندانی کۆمپانیاکەی کەمکردوەەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتگوزاری و هەلی کاریش لە ناحیەکەدا نییە، ئەمەش خەڵکی سنورەکەی نیگەران کردووە و ناڕازین.

کێڵگەی نەوتی چیا سورخ کە دەکەوێتە ناحیەی قۆرەتوو لە رۆژهەڵاتی شاری کەلار بە یەکەم بیرە نەوتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەلایەن کۆمپانیایەکی روسییەوە نەوتی لێ بەرهەمدەهێنرێت، روبەری گشتی کێڵگەکە ٩٣٨ کیلۆمەتر دووجایە و لە ئێستادا کێڵگەکە رۆژانە سێ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت کە بە تەنکەر نەوتەکە دەگوازێتەوە.