سەردێڕ:

ئەو توشبووی شێرپەنجەیەی بۆ ئێن ئاڕ تی قسەیکرد گیانی لەدەستدا

فۆتۆ: 
2021-06-29

13863 جار خوێندراوەتەوە

ئەو توشبووەی شێرپەنجەی لە روماڵێکی تایبەتی ئێن ئاڕ تیدا چیرۆکی ژیانی خۆی و سەختییەکانی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا گێڕایەوە و باسی لە نەبوونی دەرمان و ئازارەکانی کرد گیانی لەدەستدا.


گەنجەکە تەمەنی ١٩ ساڵ بوو و وتی، "خەڵک نەبێت من هیچم نییە، ناتوانم ئەو قورساییە دابین بکەم، جاری وا هەیە بە مانگ لە نەخۆشخانە دەمێنمەوە"، ئەو باسی کردبوو، "ئەگەر نەخۆشخانەی هیوا نەبێت هەموو نەخۆشەکان گیان لەدەستدەدەن، ئەوە جگە لەوەی دەرمانەکانیان بێ بەرامبەرە."

ئەو گەنجە چیرۆکی ئازارەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسکرد و وتی، "لە ماڵەوە ناچاردەبم لەبەر ئازار و نارەحەتی دەرمان و ئۆکسجین بەکاربهێنم، کە ئەوەش بارێکی قورسە لەسەر شانم."

ئەو گەنجە کە وەک خۆی دەڵێت، نەخۆشییەکەی کەمخوێنی و شێرپەنجەی لیمفەگرێکان بوو و چارەسەری هەبوو، بەڵام دەبوایە چاندنی مۆخ بکات و ئەوەش تێچووی زۆری دەویست، روونیکردەوە، "ئەگەر نەخۆشخانەی هیوا نەیکات هیچ توانایەکی نییە و خەڵک نەبێت نان نییە بیخوات"، ئەو گەنجە پێشتریش ئەو نەشتەرگەرییەی ئەنجامداوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەهۆی نەبوونى پارە و دەرمانى پێویست، دۆخی نەخۆشخانەى هیوا بەرەو خراپی چوو، بە جۆرێک بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیانەوە کارەکانیان راگرت.

پێشتریش، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستى سلێمانى رایگەیاندبوو، ماوەى شەش مانگە حکومەتى هەرێم شایستە داراییەکان و هاوکارییەکانى بۆ نەخۆشخانەى هیوا راگرتووە.