بەڕێوەبەری تەندروستی راگەیاندنی بەردەڕەش رایگەیاند، بەهۆی خواردنی ماسی لە یەکێک لە چێشتخانەکانی قەزای بەردەڕەش ١٧ کەس ژەهراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
نەشوان تۆفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستى بەردەڕەش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پاش ئەوەی شەوی رابردوو لە سنوری قەزای بەردەڕەش و لە یەکێک لە چێشتخانەکانی ئەو شارە، ژمارەیەک هاوڵاتی سەردانی خواردنگەیەکی ماسی دەکەن و پاش ئەوەی لەو چێشتخانەیە خواردن دەخۆن، ئەمڕۆ توشی ژەهراویبوون بوون و سەردانی سەنتەری خازریان لە قەزای بەردەڕەشکردووە.
بەرێوەبەری راگەیاندنی تەندروستى بەردەڕەش ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئاگادارکران لە یەکێک لە چێشتخانەکان چەند کەسێک ژەهراوی بوون، دەستەبەجێ لیژنە بەرپرسەکان چوونە شوێنەکە و چێشتخانەکە داخراو و خاوەنەکەشی دەستبەسەر کرا.
نەشوان تۆفیق ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا نمونەى ماسییەکە وەرگیراوە و نێردراوە بۆ تاقیگە لە دهۆک و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لە بارەوە بدەن. دەشڵێت، ئەو کەسانەشی کە ژەهراویبوون چارەسەری پزیشکیان بۆ کراوە و لە ئێستادا دۆخیان جێگیرە.